Unicef Photo Of The Year 2021

بە شانازییەوە، براوەی خەلاتی سێیەمی ئەمساڵی باشترین وێنەی ساڵی یونیسف م کە ئەمرۆ بە فەرمی ڕاگەیێندرا

 من بە کۆمەلە وێنەی برینە کراوەکان کە جەختی خستووە سەر ژیانی سەخت و بارودۆخی پڕ لە ئازاری ئێستا و داهاتووی نادیاری مندالانی پێشمەرگە بریندارەکانی شەری دژ بە داعش توانیومە خەلات و پلەی سێیەمی باشترین وێنەی ساڵی یونیسف وەربگرم کە رێز و شکۆیەکی نێودەولەتی دەستەبەر دەکات

 ئەم دەستکەوتە وا دەکات بابەتی مندالانی پێشمەرگە سەربەرزە بریندارەکانی کوردستان زیاتر بکەوێتە بەرچاو و بەو هیوایەم توانیبێتم کەمێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆم بەرانبەر بەم خۆشەویستانە جێبەجێ بکەم


 بە داخەوە و بۆ دووەم ساڵ دوای یەک بە هۆی بارودۆخی نەخوازراوی کرۆنا، مەراسێمی خەلاتەکان بە شێوەی ئاسایی خۆی بەرێوەناچێت و تەنیا لە رێگەی دیجیتال و ئۆنلاین و هەروەها میدیای کلاسیک هەوالی تایبەت بەم خەلاتە بلاو دەکرێتەوە، بەلام پێشانگای تایبەت بە وێنە براوەکان هەر لە بیست و یەکی ئەم مانگە لە ژووری بۆنەکانی باڵەخانەی فێدرالی (پەرلەمانی ئەلمانیا) لە بەرلین دەست پێدەکات و بۆ چوار هەفتە بەردەوام دەبێت و دواتر نمایشی وێنەکان بۆ شارەکانی تری ئەلمانیا دەگوازرێتەوە و بەردەوام دەبێت

 سەندوقی منالانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونیسف لە ئەلمانیا، خەلاتی باشترین وێنەی ساڵی هەیە کە ئەمسال خۆلی بیست و دووەمینی بەرێوەچوو و ئەو وێنەگرانە خەلات کران کە توانیویانە کەسایەتی و بارودۆخی ژیانی مندالان لە سەرانسەری جیهان لە رێگەی وێنە و کۆمەلە وێنەکانیان بە شێوەیەکی هونەرمەندانە و جوان تۆمار بکەن. خەلاتی وێنەی ساڵی سەندوقی منالانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سالی ٢٠٠٠ بە پێشنیار و دەستپێشخەری کۆمیتەی یونیسفی ئەلمانیا دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، هەر ئەم کۆمیتەیە بەرێوەبردنی ئەم خەلاتەی لە ئەستۆ گرتووە و براوەکانی هەر سال لە مانگی دێسەمبەر لە بەرلین رادەگەیێندرێت و وێنە هەلبژێردراوەکان لەم شارە نمایش دەکرێت

 کەس ناتوانێ راستەوخۆ لەم پێشبڕکێیە بەشداری بکات و شێوازی بەشداری کردن تەنیا لە رێگەی وێنەگر و کیورەیتۆری راسێپێردراو و دەستنیشان کراوی یونیسف دەبێت و ئەوان باشترینەکان کاندید دەکەن و کارەکانیان دەنێرن

 لەناو کوردان پێشتر لە ساڵی ٢٠١٦ برای خۆشەویستم ئارێز قادری کە خەلکی سنەیە و ئێستا دانیشتووی ئەلمانیایە توانیبووی خەلاتی یەکەمی ئەم پێشبڕکێیە وەربگرێت و شانازی بخۆلقێنێت


Chromatic Photography Awards 2021

دوای لافاوەکەی هەولێر، منیش وەک هەموو هاولاتێیەکی تری ئەم نیشتیمانە تا ئەم ساتەش هەر دڵگڕانم بەوەی روویدا و هاوخەمی ئەو بنەمالانەم کە خۆشەویستێکیان لە دەست دا یا بە هۆی ئەم رووداوە زەرەرێکیان پێ گەیشت

 لە خوای گەورە داواکارم سەبووری دڵی ئەو بنەمالانە بدات و ئەم کۆستەیان بۆ سووک بکات


 ئەمرۆ بە فەرمی ئەنجامی خەلاتەکانی پلاتفۆرمی نێودەولەتی وێنەی کرۆماتیک (رەنگی) کە لە بەریتانیا بەرێوەدەچێت راگەیەندڕا

 من کە بە یەک وێنە لە بەشی پرۆفەیشنال و پۆرترەیت بەشداریم کردبوو، توانیم نیشانی شایستە و شکۆمەندی ئەم پلاتفۆرمە وەربگرم کە بە شانازیەکی گەورەی دەزانم

 پۆرترەیتی کاک سەلمان کە پێشمەرگەی قارەمان و سەربەرزی کوردستان و برینداری شەری دژ بە داعشە توانی ڕای دادوەرانی ئەم پلاتفۆرمە بۆ خۆی ڕابکێشێت و ئەم دەستکەوتە تۆمار بکات

بە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک


Head On Exhibition Extended

پێشانگای بڕینە کراوەکان درێژکراوەتەوە و تا نۆزدەی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت

سوپاسی هەموو ئەو کوردانە دەکەم کە لە سیدنی دەژین و سەردانی پێشانگاکەیان کردووە


هەندێ دیمەنی فستیڤالی ئەمساڵی هێد ئۆن کە وا لە ئوسترالیا بەرێوە دەچێت

بە شانازییەوە ئەمە دووەم جارە من لەم فستیڤالە بەشدار دەبم و ئازار و دەنگ و رەنگی کوردان نمایش دەکەم


Using Format